کۆڵان
کۆڵان وه‌كوو
دڵێكی ته‌نگ و تاریكه
ئه‌مشه‌و لای من
گه‌لێ خامۆش و باریكه
دیواره‌كان له دوولاوه
وه‌ك دڕنده
شاڵاویان بۆ من هێناوه
لێك دێنه پێش
لێم دێنه پێش
رامده‌گووشن
هه‌موو گیانم دێننه ئێش
سێبه‌رێكی سارد و غه‌ریب
به شوێنمدا راده‌خووشێ
خه‌مێكی ره‌ش له گه‌ڵمایه
له دڵمایه
منی ته‌نیا تێر ده‌گووشێ
کۆڵان یه‌كجار ته‌سك و تاره
کۆڵان ماره
کۆڵان ماری برینداره
ده‌كشێ. ده‌كشێ
کۆڵان ئه‌مشه‌و
له گه‌ڵ هه‌نگاوی من ده‌خشێ
ئه‌م کۆڵانه
ئه‌م کۆڵانه‌ی ئه‌مشه‌و له لام گۆڕستانه
زۆر شه‌وی‌تر پێیدا هاتووم
وامده‌زانی پێی ڕاهاتووم
به‌ڵام گیانه
راهاتنم له گه‌ڵ تۆ بوو نه‌وه‌ك کۆڵان
وه هاتنم بۆ لای تۆ بوو
بۆ لای تۆی جوان
کۆڵان بێ‌تۆ گۆڕستانه
دیواره‌كان منی تێدا راده‌گووشن
سێبه‌ر به سه‌ر له‌شما كشا
خه‌می ره‌شی ئه‌م شه‌وه‌شم
بیرم ده‌خوا. له‌شم ده‌خوا
توخوا گیانه
گه‌ر به سه‌فه‌ر هاتیته ئه‌م شاره كڕه
له‌م کۆڵانه‌وه تێ‌په‌ڕه
گۆڕێكی كۆن وه‌ك وێرانه
دڵێك تێیدا چاوه‌ڕوانه
سه‌ر هه‌ڵبڕه
هێواش هه‌نگاوت هه‌ڵگره
كوشته‌ی خۆته
شه‌هیدێكی دڵ به سۆته
توخوا گیانه
له بیرت بێ
كه ئه‌م کۆڵانه جێژوانه
كه ئه‌م کۆڵانه جێژوانه
68/6/22- بانه
هاوڕێ گیان
نه‌ورۆز بڵێسه‌و مه‌شخه‌ڵی هه‌سته
جێژنه، باوه‌ڕه، هیوا و مه‌به‌سته
بۆیه گه‌لی کورد به ئاواته‌وه
گشت ساڵێ یادی لێ ئه‌کاته‌وه
پیرۆزبایی تێک‌شکانی سوپای کڕێوه له تۆ و هه‌موو کوردێک و له هه‌موو مرۆڤێکی ئازادیخوازی سه‌رانسه‌ری جیهان ئه‌که‌م. دڵنیام ساڵێک زیاتر له ئازادی و گه‌یشتن به ئاواته ئینسانییه‌کانمان نزیکتر بووینه‌ته‌وه چونکه وه‌ک ئه‌ڵێن "ره‌وتی مێژوو بریتییه له کرانه‌وه‌ی تۆماری ئازادی"
باوه‌ڕیشمان وایه که:
"ره‌وڕه‌وه‌ی مێژوو به‌ره‌و پێش مل ئه‌نێ و ناچێته‌وه"
هاتنی ساڵی تازه‌ی زایینی له هه‌موو گه‌لانی جیهان پیرۆز بێ
هیوادارم بۆ گه‌لی کوردیش 2014 پڕ بێ له ده‌ڵاقه‌ی نوێ و مژده‌ی تازه
ساڵی تازه ئه‌که‌م به بیانوویه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی و ئه‌وینی خۆم
بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆشم‌ویستوون و خۆشیان‌ویستووم،تازه بکه‌مه‌وه.
هه‌روه‌ها زامی به‌سوێی کۆچی ناوه‌ختی ته‌های هه‌زار و یه‌ک سێ‌و،
به‌و هیوایه ئه‌لاوێنمه‌وه که ساڵی تازه، ساڵی وه‌دیهاتنی
ئاره‌زووه سپی و خاوێنه‌کانی ئه‌و نازداره بێت
بویته باران
داباریته وشکارۆی سوێری چاوانم
له گه‌ڵ زریان
بویته میوانی ئازیزی شه‌وی گیانم
وه‌کوو وشه
له‌نگرت گرت
له ئاسمانی شێعری کڵۆڵی نه‌گبه‌تیم
وا رێژنه‌بارانی ئه‌سرین
وا هه‌نسکی ئازاره‌کانی بێ‌که‌سیم
سۆزێک له سوتماکی ده‌روون ئه‌لوورێنن
وا ده په‌نجه‌ی حه‌سره‌ت‌گه‌سته‌م
چه‌مه‌ری بۆ جوانه‌مه‌رگی
ئه‌م به‌هاره ئه‌هۆننه‌وه
به قه‌سیده‌ی
شینی گرینێکی خه‌ستی بێ‌کۆتایی
ناخم له کۆچی بێ‌واده‌ت داڕماوه
نیگام
کۆتره‌باریکه‌ی ترساوی
به‌ر شاڵاوی واشه‌ی خه‌مه
ئه‌گه‌ڕێ به شوێن چاوه‌کانتا
خۆی حه‌شار دا
هه‌ناسه‌کانم بۆنی تۆیان لێ‌دێ هاوڕێ
چاوه‌کانم
پڕن له کوێرایی و شه‌وی بێ‌کۆتایی
حه‌زیان وایه
له ده‌لاقه‌ی کامێراکه‌ی ده‌ستی تۆوه
بڕواننه ئه‌م دنیایه
ئاخ ته‌ها
چۆن به ده‌ستی قه‌ده‌رێکی نائاسمانی
که‌وتینه بۆسه‌ی ئه‌هریمه‌ن
ئه‌بوو هه‌رگیز چاومان خافڵ نه‌کردایه
ئه‌بوو پاش مارف و ژیلا
ئه‌بوو پاش جه‌عفه‌ر و سواره
قه‌دری خه‌زنه‌کانی خۆمان بگرتایه
ئه‌بوو هه‌رچی ودم و دۆعای چاوه‌زاره
بماننووسیبایه هاوڕێ
ئه‌بوو له چی سه‌یاره و بازاڕ و شه‌قام
له چی دووکان و شۆسته‌یه
له چی حیزب و تاک و کۆیه
گوڵێکی ناسک و شلکی وه‌کوو تۆمان وه‌شاردایه
ئاخ چه‌ن کوێر بووین
دانه‌یه‌ک. دووان. سیان.
ئاخر تا که‌ی
ره‌مز و رازی مه‌سێجه‌کانی ئه‌هریمه‌ن
ناکه‌ینه‌وه؟
گه‌رچی هێڵی جوغڕافیا
وڵاتێکی پێ نه‌به‌خشین
که‌چی هێشتا
ئێمه خه‌ڵکێکی ئاواره و بێ‌وڵات نین
وڵاتێکی به‌رین و گه‌وره‌مان هه‌یه
تێیدا یه‌کتر ئه‌گرینه‌وه
تێیدا شایی و شین ده‌گێڕین
ئه‌و وڵاته ناوی خه‌مه
ناوی مه‌رگه‌ساته، ده‌رده
ناوی هیوای جوانه‌مه‌رگ و
هه‌ناسه‌ی خه‌مناک و سه‌رده
رووباره‌کانی: فرمێسکی قه‌ت‌نه‌وه‌ستاو
ئاسمانه‌که‌ی: رووگه‌ی چاوی دڵداران و
خۆر و مانگ و ئه‌ستێره‌شمان
رێبواران و سه‌ردارانی وه‌کوو خۆتن
به‌ڵام ئێستا
له گه‌ڵ هه‌ڵقرچانی جه‌رگا
له گه‌ڵ رووباری ئازار و
ته‌م و خه‌می چاوه‌کانی پڕ له سۆما
ئه‌بێ چبکه‌م
رۆژه‌کانم هه‌رچۆنێ بێ
له ژاوه‌ژاوی بازاڕا ده‌خافڵێنم
به‌ڵام له‌گه‌ڵ خه‌ون و خه‌یاڵ
ساته قورس و خه‌سته‌کانی ته‌نیاییدا
ده چۆن رابێم
خۆزگه ئێستا له جیاتی تۆ
من ده‌بووم و
تۆ له ده‌لاقه‌ی کامێرای سه‌ر شانته‌وه
خه‌مه‌کان و هیواکانی ئه‌م هه‌رێمه‌ت
تۆمار ده‌کرد
کۆتره‌کانی وڵاتی من بوونه کۆچه‌ر
ئه‌ستێره‌کانی ئاسمانی وڵاتی من
بوونه کۆچه‌ر
گیانه‌کان و ژیانه‌کانی وڵاتی من
ئه‌نفال کران
په‌پووله‌کانی شیناوێم ره‌ش هه‌ڵگه‌ڕان
دره‌خت و شینایی چیا
له به‌ر شاڵاوی خه‌رده‌لا
زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕان
ئێمه ئه‌بێ
رابێین له گه‌ڵ وڵاتێکی بێ‌کۆترا
رابێین له گه‌ڵ
ئاسمانێکی ئه‌نفال‌کراو
رابێین له گه‌ڵ خه‌می ته‌نیایی و بێ‌که‌سی
له گه‌ڵ سووتووی مناڵانمان
له گه‌ڵ چیای رووته‌ڵ له سه‌وزایی و ژیان
بێ‌هیوا بووین له قاییمی دیواره‌کانی پشتمان
له راوه‌ستاوی ئه‌ژنۆمان
له سه‌داقه‌تی په‌نجه‌کان
له ئاراسته‌ی ئه‌و ڕێگایه‌ی پێیدا ئه‌ڕۆین
تۆ هاتیت و
له ده‌لاقه‌ی کامێراکه‌ی سه‌ر شانته‌وه
نیشانت داین
که هه‌ر خۆمان
ئه‌ستێره و مانگ و هه‌تاوین
ته‌نیا خۆمان
رۆحی په‌پووله‌ی سووتاوین
بۆنی سه‌وزه و
دره‌ختی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوین
ته‌نیا خۆمان
پشتی ئه‌ستووری خۆمانین
هێزی ئه‌ژنۆ و
ده‌ستی بڕوا و
سه‌نگی سه‌بووری خۆمانین
پێوه‌ری ئێمه بۆ شکۆی که‌سه‌کانمان
مه‌رگ و ئه‌نفال و فتوایه
چبکه‌ین برا
چاره‌نووس و قه‌ده‌ر وایه
ئه‌هریمه‌ن بۆ مه‌رگی ئێمه فتوای داوه
ره‌نگه ئێسته چاوی حیزی هه‌ر زیته‌ی دێ
ئاخۆ ئه‌مجار
کام ئه‌ویندار
دڵی له هێڵی سووری ئه‌و گه‌رمتره
کام شۆڕه‌سوار
سه‌ری له هێڵی سووری ئه‌و به‌رزتره
کام سێ‌و له‌م باخه سێوه‌دا
پتر له هێڵی سووری ئه‌و
بۆنی خۆشه‌ویستی ئه‌دا
به‌داخه‌وه ئه‌مجاره‌شیان
ئه‌هریمه‌ن زووتر له خۆمان
خه‌زنه‌کانی ئێمه‌ی بینی و
لێی فڕاندین
توخوا ته‌ها
چاوه‌کانتم لێ دامه‌خه
هه‌زار پۆله‌کۆتری هیوا
وێڵن به‌دووی ئاسمانێکا
قووڵ و بێ‌بن و زوڵاڵ بێ
شه‌وه‌کانی
وه‌کوو چاوانی مه‌ندی خۆت
هێلانه‌ی مانگ و ئه‌ستێره و
رۆژه‌کانی
گه‌ش و دڵگر و ساماڵ بێ
هه‌تا دوێنێ خۆشه‌ویستیت
وڵاتێکی پێ‌ئه‌به‌خشین
پڕاوپڕی هیوا و ئه‌وین
ئێسته‌ش ئازاری هاوبه‌شی بێ‌تۆییه
نیشتمانی گه‌وره‌مانه
ناهێڵێ لێک بترازێین و
ناهێڵێ په‌رته‌وازه بین
بیره‌وه‌رییه‌کانی لادێ
.
هه‌تا
کزربوونی هه‌تاو
خۆمان ئه‌دایه ده‌ستی ئاو
ئاسمانه یا رووباری شین
باسکه‌مه‌له یا هه‌ڵفڕین
پڕژه پڕژی شه‌ڕه‌ئاوه
کۆلکه‌زێڕینه وه‌ستاوه
که شل ئه‌بووین که‌نفت و خاو
جێمان‌ئه‌هێشت به‌هه‌شتی ئاو
له بات کڵاوێک بۆ سێبه‌ر
تونکه‌ی ته‌ڕمان ئه‌کرده سه‌ر
به لاژه لاژ و خاوه خاو
هه‌ڵئه‌کشاین هه‌نگاو هه‌نگاو
ئه‌گه‌شتینه قه‌راغی دێ
له‌ش تینێکی تێ‌ئه‌گه‌ڕێ
به‌ڵام تامی مزره‌گڕکان
ئه‌ژنۆی رۆشتنمانی ئه‌شکان
ئه‌بوو هێزێکمان بێته به‌ر
بێستان بێستان، دێبه‌ر دێبه‌ر
ترۆزی و کاڵه‌کی شیرین
ره‌شه‌تووتڕکی ناو په‌رژین
تا باخه‌وان سۆسه‌ی ئه‌کرد
مناڵ چێژی خۆی لێ‌ئه‌برد
جارجار شووڵێکی ئه‌وه‌شان
خه‌تی ئه‌خسته ده‌فه‌ی شان
گریان تێکه‌ڵ به پێکه‌نین
ئه‌بوه نوقڵی ترش و شیرین
ئه‌تکایه سه‌ر لێوی هه‌ناو
شیله‌ی ئێش و نۆش تێکه‌ڵاو
***
که زه‌رده‌په‌ڕ
له‌و دۆڵه‌دا
شه‌وی ره‌شی لێ مۆڵ ئه‌دا
په‌ل و پۆپی سووره‌چنار
بۆ چۆله‌کان ئه‌بوو به شار
جریوه‌یان به سه‌دهه‌زار
هه‌ڵنیشتووانی نادیار
زه‌ڕنه‌قووته‌ی هه‌ر ئه‌و به‌هار
بێ‌هێلانه و بێ‌جووت و یار
وه‌کوو کایه‌ی سه‌ری شه‌وان
ئه‌که‌وتینه وێزه‌ی ئه‌وان
هه‌ر به شۆخی به‌رد و پلار
هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌که‌وتنه خوار
بۆوان باڵه‌پڕژه و برین
بۆ ئێمه خۆشی و پێکه‌نین
شه‌وه کاتی نان‌خواردنه
سینی هێنان و بردنه
ئێمه‌ی مناڵ لێره له‌وێ
کوا سینی‌مان به‌رئه‌که‌و‌ێ
به‌ڵام که‌سیش بێ‌به‌ش نابێ
سه‌ر و بابۆڵه‌مان واپێ
بابۆڵه‌ی چی، میتر ئه‌بێ
ده‌م و کاکیله شل ئه‌بێ
که شه‌و ئه‌گه‌شته
دره‌نگان
ئه‌کوژاوه چرای دیوه‌خان
ده‌نگی دایه‌گه‌وره‌ی به‌ساڵ
ئه‌یبردینه دنیای خه‌یاڵ
دێوه‌ڕه‌ش به فێڵ و گزی
کچه شازاده‌ی ئه‌دزی
ئێمه‌ی
ماندووی رۆژی کایه
کوا تینێکی وامان تیایه
دانیشین ئاخۆ شازاده
دیلی دێوه یا ئازاده
مه‌یل ئه‌دا به‌و خونکاره
یا دێ‌و له تاوی خه‌مباره
له‌به‌ر ئێش و ئازار و ژان
ناچار ئه‌خوا شازاده‌ی جوان
ئیتر خه‌وی
شه‌وی هاوین
خۆمان له ئامێزی هاوین
بیکه‌ینه
توێشووی رۆژگار
بۆ رۆژانی سه‌خت و دژوار
ئێستا خه‌ممان
بێ‌خه‌میه
دواڕۆژ کێ ئه‌زانێ
چییه
.
درباره این سایت